سوڵتان هاشم ئازادكراوە ؟
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند " هەواڵی ئازادکردنی سوڵتان هاشم، وەزیری پێشووی بەرگریی سەردەمی رژێمی بەعس، دوورە لەڕاستی و هیچ بنەمایەکی راستی نییە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، سوڵتان هاشم سزای لەسێدارەدانی هەیە و هیچ کەسێک ناتوانێ ئازادی بکات، تەنیا دەبێ لێبوردنی تایبەتی بۆ دەربچێت، کەسیش جورئەت ناکات لێبوردنی بۆ دەربکات.
ئەمە لەکاتێکدا هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن پاڵپشت بە پەیجێکی فەیسبووک کە گومان دەکرێت خانەوەنەکەی رەغدی کچی سەدام حوسێن، سەرۆکی لەسێدارەدراوی عێراق بێت، هەواڵی ئازادکردنی سوڵتان هاشمی-یان بڵاوکردووەتەوە.
سزکانی سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگریی رژێمی بەعس، لە دادگا بریتین لە چوار سزای لەسێدارەدان، دوو سزای زیندانی هەتاهەتایی، یەک سزای 15 ساڵ زیندانیکردن و دوو سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن.
سوڵتان هاشم لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، دانی بەوەدانا بەشداری شاڵاوەکانی ئەنفالی کردووە و راشیگەیاند، ئەو بڕیاری سەرکردایەتی و سەروی خۆی جێبەجێکردووە.
رووداو
