سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای زیادکردنی بودجەکەی دەکات

 سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای زیادکردنی بودجەکەی دەکات
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە گفتوگۆ لەسەر بودجەی گشتی 2016ی عێراق دەکات، سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیش داوا لە لیژنەی دارایی دەکات، پشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە بودجەدا زیاد بکەن.

سەرحان ئەحمەد سەرحان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرۆکایەتی کۆمار نوێنەرێکی ناردۆتە لای لیژنەکەمان و داوایکردووە بودجەکەیان زیاد بکرێت".

پشکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بودجەی 2016ی عێراقدا بڕەکەی 42 ملیار و 104 ملیۆن و 374 هەزار دینارە، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار بە کەمی دازانن و بە لیژنەی داراییان راگەیاندووە "بودجەکامان کەمە، بە بەراورد بەو هەموو سەردان و میوانداریەی کە هەمانە".

هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2016ی عێراقدا، وەزیری پیشەسازی عێراق داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە کە جێبەجێکردنی "تەعریفەی گومرگی" لە بودجەی 2016دا بچەسپێندرێت و لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

سەرحان ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد "وەزیری پیشەسازی عێراق داوای کرد حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندبێت بە جێبەجێکردنی تەعریفەی گومرگی، ئەگەرنا حکومەتی عێراق لە سنورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بنکەی گومرگی دابنێت بۆ وەرگرتنی باجی تەعریفەی گومرگی"

ڕووداو ئەوەشی زانیووە ئەم پێشنیازەی وەزیری پیشەسازی بۆ دانانی بنکەی گومرگی لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی باجی تەعریفەی گومرگی لەلایەن سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە رەتکراوەتەوە و، سەرۆکی لیژنەی دارایی داوایکردووە بەغدا و هەولێر هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ رێکەوتن لەسەر تەعریفەی گومرگی.

لە دانیشتنی ئەمڕۆ پێنج شەممەدا پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر وەرگرتنی پێشنیازەکان لەسەر بودجەی 2016ی عێراق، بەڵام بەهۆی گۆڕانکاریە نوێیەکانی حکومەتی عێراقەوە، کە وابڕیارە لە بودجەدا بیکات، هیچ ماددەیەیک لە پڕۆژە یاساکە پەسەند ناکرێت.

پڕۆژە یاسای بودجەی 2016ی عێراق بڕەکەی بە 106 ترلیۆن و 165 ملیار و 720 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی عێراق بڕەکەی کەمتر بکاتەوە، لە گۆڕانکاریە نوێیەکاندا.











ڕووداو
Top