بودجەی حەشدی شەعبی لە بودجەی هەرێمی کوردستان زیاترە

 بودجەی حەشدی شەعبی لە بودجەی هەرێمی کوردستان زیاترە
بودجەی ساڵێكى حەشدی شەعبی لەناو پرۆژەیاسای بودجەی 2016ی عێراقدا، لە بودجەی یەک مانگی هەرێمی کوردستان زیاترە.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی 2016ی عێراق، کە دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا، بودجەی ساڵێكى حەشدی شەعبی (بەپڕچەککردنیەوە) بڕەکەی "یەک تریلیۆن و 301 ملیار و 242 ملیۆن و 388 هەزار دینارە" کە ئەوەش زیاترە لە بودجەی یەک مانگی هەرێمی کوردستان.

هەر بەپێی هەمان پڕۆژە یاسا؛ پشکی 17%ی هەرێمی کوردستان بە 12 تریلیۆن و 570 ملیار و 606 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە؛ کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 47 ملیار و 550 ملیۆن و 500 هەزار دینار.

بەوەش بودجەی ساڵێكی حەشدی شەعبی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەى عێراقدا، 253 ملیار و 691 ملیۆن و 888 هەزار دیناری لە بودجەی یەک مانگی هەرێمی کوردستان زیاترە.

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیای ڕووداو)ی راگەیاند "بە دڵنیاییەوە شیعە قسە لەسەر زۆری بودجەی حەشدی شەعبی ناکەن، بەڵکو بە کەمی دەزانن، کوردیش لەبەر بودجەی پێشمەرگە پێناچێت قسەی لەسەر بکەن، سوننەش قسەی لەسەر ناکەن، واتە کەس قسەی لەسەر ناکات".

لە بەرامبەردا بڕگەی پێنج لە ماددەی نۆ لە پڕۆژەياساى بودجەی 2016دا بودجەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر بودجەی هێزە وشکانییەکانی فیدڕاڵی تەرخانکردووە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پێشمەرگە دیاری نەکردووە، ئەوەش لە كاتێكدا بودجەی حەشدی شەعبی بڕەكەی دیاریکراوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی "حەشدی شەعبی بەقسەی خۆیان 120 هەزار چەکدارن، بودجەیان بۆ تەرخانکراوە، کاتی خۆی عێراق رازیبووە بەوەی 80 هەزار پێشمەرگە وەک بەشێک لە سوپای عێراق بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام کورد رازی نەبوون".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئۆباڵی یەکلانەکردنەوەی بودجەی پێشمەرگەی لە چەند ساڵی رابردوودا خستە ئەستۆی "وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکانی پێشوو". رەخنەی ئەوەشی لە فراکسیۆنە کوردیيەکانی ئێستا گرت كە هیچ ستراتیژێکی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە نییە.











رووداو
Top