دەستەیەك بۆ كۆڵینەوە لە بەڵگەكانی ئەحمەد چەلەبی پێك هێندرا

دەستەیەك بۆ كۆڵینەوە لە بەڵگەكانی ئەحمەد چەلەبی پێك هێندرا
ئەنجومەنی‌ باڵای‌ دادوەری بڕیاری داوە دەستەیەكی دادوەری‌ پێک بێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ لەو 41 لاپەڕە‌ بەڵگەیەی (ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی) بەر لە مردنەکەی باسی لێ کردووە.

گوتەبێژی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ دادوەری‌ عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: "ئەنجومەنی‌ باڵای‌ دادوەری ئەو بەڵگانەی‌ بەدەست گەیشت كە لەلایەن كۆچكردوو (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق پێشكەشی‌ كرابوو. بەڵگەكان پەیوەندییان بە شۆردنەوەی‌ دراو و بەقاچاغبردنی‌ دراوی‌ بیانی فرۆشتنی‌ دراو بووە لە زیادكردنەكانی‌ بانكی‌ ناوەندیی‌ عێراقدا. بەو مەبەستەش ئەنجومەنەكە بڕیاریداوە بە پێكهێنانی‌ دەستەیەكی دادوەری‌ بۆ كۆڵینەوە لەو بەڵگانە كە بریتین لە 41 لاپەڕە."

(نەدا میرگەسۆری) بریاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "كۆچكردوو (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكی لیژنەیەكی زۆر هەستیار بووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆیە بەشێكی زۆر لە بەڵگە و دیكیۆمێنتی گەندڵی لە بەردەست بووە. ئەو دیكیۆمینتانە بەڵگەی زۆر گەورەی تێدایە و پێویست بوو زووتر ئەم بەڵگانە بخرێتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار."

(میرگەسۆری) ئاماژەیشی دا: "ئەگەر عێراقی فیدراڵ بیەوێت ببێتە دەوڵەتێكی دامەزراوەدار، دەبێ هەموو ئەو پارە دزراوانە بگەڕێنێتەوە خەزێنەی دەوڵەت كە بەرپرسان هەڵیان‌لووشیوە. بۆیە دەبێ لێكۆڵینەوەی زۆر ورد لەو بەڵگانەی كۆچكردوو (ئەحمەد چەلەبی) بكرێت چونكە مڵكی دەوڵەت و خەڵك بردراوە كە بەدەستی دەیان گیروگرفتەوە دەناڵێنن."
Top