حهشدیشهعبی قاچاخچیەتی به چهكهوه دهكهن
(شاخەوان عەبدوڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند چەکدارانی حەشدیشەعبی قاچاخچیەتی بەو چەکانەوە دەکەن کە بە بوودجەی عێراق بۆیان دەکڕدرێ."
گوتیشی: "هەندێک لە یەکە سەربازییەکانی حەشدیشەعبی ئەو چەکانەی لە حکوومەتی عێراقی وەریدەگرن، دەیفرۆشنەوە! لە هەندێک شوێنیشدا قاچاخچیەتی بە چەکەوە دەکەن.
(شاخەوان عەبدوڵا) ئەوەی خستە ڕوو زانیاریان پێیە و داوای لێکۆڵینەوەشیان کردووە بەرپرسانی حەشدیشەعبی ئۆتۆمبێلی زۆریان بۆ کڕدراوە و هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانەیان فرۆشتووەتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە پەرلەمانی عێراق چەند زانیارییەکی سەبارەت بە وردەکاریی فرۆشتنی چەک لە لایەن حەشدیشەعبی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "چەکدارانی حەشد چەک و تەقەمەنییەکانیان دەهێنن بۆ سلێمان بەگ و دووز خورماتوو لەوێدا لە ڕێگەی چەند کەسێک دەیانفرۆشنەوە."
ئەو چەکانەی حەشدیشەعبی قاچاخیان پێوە دەکەن بریتین لە چەکی سووک و قورس و فیشەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی ، گوتیشی: "لە کۆبونەوەی لیژنەی ئاسایشوبەرگری بە فەرمی ئەو پرسە باس کراوە و بڕیارمان داوە لێکۆڵینەوەی تێدا بکەین."
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەخت دەکاتەوە ئەو کارەی حەشدیشەعبی گەندەڵییە؛ تەنانەت هەندێک یەکەی سەربازی هێرشیان کردووە بۆ شوێنێک و چەک و تەقەمەنی و هەمەری ئەو شوێنەیان داگیر کردووە و پاشان فرۆشتوویانە، لە لیژنەکەمان ئەوەمان وەکو گەندەڵی باس کردووە.
(شاخەوان عەبدوڵا) دەشڵێت: لە 'کووت'ـەوە ئێران ڕێگای بۆیان کردووەتەوە تەنها چەک بۆ دێت و، تەقەمەنییان بۆ دەکڕدێت؛ ئەو ڕێگایە تەنها بۆ هێنانی چەکی حەشدیشەعبییە و سوپای عێراق ناگرێتەوە!
