شەهرستانی لە هەوڵێكی تیرۆركردن رزگاری دەبێت و بە چەكی قەناس تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی كراوە

 شەهرستانی لە هەوڵێكی تیرۆركردن رزگاری دەبێت و بە چەكی قەناس تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی كراوە
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی عێراق رایگەیاند، چەكدارانی سەربەرێكخراوی داعش لە باكووری شاری تكریت بە چەكی قەناس كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیان كردووەتە ئامانج.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند "بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی زانكۆی تكریت و گەیاندنی هاوكاری بۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی، دوێنێ‌ شەممە 7 تشرینی دووەمی 2015 حوسێن شەهرستانی سەردانی پارێزگای سەڵاحەدینی كرد، بەڵام لە ناوچەی مەكحول كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرایە ئامانج".

سەرچاوەكە كە نەیویست ئاشكرا بكرێت گوتیشی: "بە چەكی قەناس تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی شەهرستانی كراوە، بەڵام جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە".

دوای مانگێك شەڕ و پێكدادانی بەردەوام لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش، لە سەرەتای مانگی نیسانی 2015 ەوە هێزە ئەمنییەكان شاری تكریتیان كۆنترۆڵكردەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەشێكی فراوانی ناوچەكانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینیان بەدەستەوەیە.












رووداو
Top