ئەیاد سامەڕایی: چارەسەری گەندەڵی بە حکومەتی ئێستا ناکرێت
ئەیاد سامەرایی، ئەمینداری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراق لە وتارێکدا سەبارەت بە قەیرانی دارایی عێراق دەڵێت " ئەو قەیرانە داراییەی، کە ئێستا تووشی عێراق بووە، سەرەکیترین هۆکاری ئەوەیە سوود لە داهاتی زیادەی نەوت وەرنەگیراوە بۆ دروستکردنی سەرچاوەی زیاتری داهات و بەتەنیا پشت بە داهاتی نەوت بەستراوە. دەوڵەتیش کێشەی بێکاری بە دامەزراندنی زیاتری خەڵک چارەسەر دەکات، ئەمەش باری بودجەی وڵات قورستر دەکات، کە نەتوانێت پارە بۆ چارەسەرکردنی بێکاری تەرخان بکات.
سامەرایی جەختی لەوە کردووەتەوە، هەر کەمکردنەوەیەک لە داهاتی هاووڵاتییان، باجی زیاتر دروستکردنی بارگرانییە بۆ خەڵک، چارەسەریش زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازییە، چونکە چالاککردنی ئەم کەرتانە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی کەرەستەی هاوردەکراوی بەکارهێنان، کە ئەمەش وادەکات دۆلار کەمتر بەکاربهێندرێت و دەرفەتی کارکردنی زیاتر بڕەخسێت.
رووداو
