بەغدا روونکردنەوەیەک لەبارەی دوو فڕۆکە کەنەدی و سوێدییەکە بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی بەرگری عێراق روونکردنەوەیەکی لەسەر دەستبەسەرکردنی دوو فڕۆکەی کەنەدی و سوێدی کە چەکیان پێ بووە بۆ هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و، هەندێ زانیاری نوێ دەخاتەڕوو، لە دوای ئەوەی دوێنێ هەینی 6/11/2015 روونکردنەوەیەکیان لەسەر بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیدەکاتەوە ئەو فڕۆکانە چەکیان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگرتبێت.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی بەرگری عێراقدا باسی ئەوە کراوە ''پێشتر بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوەی ئەو لیستانەی بۆ حکومەتی عێراق رەوانەکرابوو لە فڕۆکەکەدا دەرچووە، دوای ئەوەی لە بنکەی ئاسمانی شەهید محەممەد عەلا دابەزین، بەڵام سەرنشینان و فڕۆکەوانەکان رێگەیان نەداوە کەلوپەلەکانیان دەستبەسەر بکرێت''.
وەزارەتی بەرگری عێراق رەتیدەکاتەوە ئەو فڕۆکانە چەکی بێدەنگ و چەکی دیکەیان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگرتبێت و جەختیش دەکاتەوە: ''ئەو دوو فڕۆکەیە چەکی راهێنەرە بیانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان هەڵگرتبوو و چەکیان بۆ هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی سنووری لە هەرێمی کوردستان نەهێناوە''.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە ''دوای راوێژ و رێککەوتن مۆڵەت بە دوو فڕۆکەکە دراوە بگەڕێنەوە بنکەکانی خۆیان لە کوێت و تورکیا و دواتر دەتوانن گەشتەکەیان تەواو بکەن بەرەو هەرێمی کوردستان''.
رووداو
