موقتەدا سەدر هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی حەویجە راگەیاند

 موقتەدا سەدر هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی حەویجە راگەیاند
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی حەویجە راگەیاند.

یەکێک لە شوێنکەوتووەکانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەی حەویجە پرسیاری لە سەدر کردووە، ئەو بەبێ ئەوەی ناوی پێشمەرگە بهێنێت باسی ئەوەدەکات، ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی حەویجە کاردانەوەی لێکەوتەوە لە نێوان پشتگیرکردن و رەتکردنەوە، بۆیە ئەو شوێنکەوتە داوای لە سەدر کردووە هەڵوێستی خۆی بۆ روون بکاتەوە.

لە وەڵامی پرسیارەکەدا موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئەوەی بەم رووداوە رازی بێت نانیشتمانییە، بەداوای لێبووردنەوە، ئەوانەشی سوپاس و سەرەخۆشیان لێکردوون دوورە لە راستی و نامەوێ لەوە زیاتر قسە بکەم".

رۆژی پێنجشەممە 22 ی تشرینی یەكەمی 2015، هێزێكی تایبەتی ئەمریكا پشتیوانی ئۆپەراسیۆنێكی پێشمەرگەیان كرد بۆ رزگاركردنی ژمارەیەك بارمتە لە بەندیخانەیەكی داعش لە نزیك حەویجە کە دواتر رێکخراوی داعش لەرێگەی پێگەکانی خۆیانەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دانی بەوەدا نا کە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە زیانی زۆریان لێکەوتووە و شکستیان هێناوە‌.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەكە سەركەوتووانە ئامانجەكەی پێكاوە و 69 گیراو رزگاركراون، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە كە هیچیان كورد نین. لەو ئۆپەراسیۆنەدا 20 چەكداری داعش كوژراون، 6 چەكداریشیان بەدیل گیراون، سەربازێكی هاوپەیمانانیش كە ئەركی پاڵپشتی بووە، كورژراوە و 3 پێشمەرگەی هێزی دژەتیرۆریش برینداربوونە.










رووداو
Top