هێزە عێراقییەکان دەچنە نێو روومادی

هێزە عێراقییەکان دەچنە نێو روومادی
فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق رایگەیاندووە، کە هێزە عێراقییەکان چوونەتە نێو روومادی، دوای پەڕینەوەیان لە پردێکی ستراتیژیی لە باکووری شارەکە.

لیوا روکن ئیسماعیل مەحلاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بە ئەنادۆڵی راگەیاندووە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2015، هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و لە هەموو لایەکەوە چوونەتە نێو روومادی، بەتایبەت لەلای باکووری شارەکەوە، دوای پەڕینەوەیان لە پردی ئەلبو فەراج.

لیوا روکن ئیسماعیل مەحلاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە شەڕێکی سەخت لە نێوان داعش و هێزە عێراقییەکان روویداوە و چەکدارانی داعش تووشی شکستی گەورەبوون.

چەکدارانی داعش لە مانگی ئایاری 2015 دەستیان بەسەر زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگای ئەنباردا داگرت، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 2014 توانییان دەستبەسەر شاری موسڵ و چەند بەشێکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەدا بگرن.












باسینوز
Top