سوپای عێراق دوای گەرما بیانووی لافاوە
ئیسماعیل مەحلاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند " سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆماوەیەکی کاتی و دیارینەکراو، هێرشەکانیان بۆسەر چەکدارانی داعش لە تەواوی سنووری پارێزگای ئەنبار و شاری رومادی راگرتوون، هۆکاری راگرتنی هێرشەکانیش بۆ بەردەوامبوونی بارانی بەخوڕ و لافاو دەگەڕێتەوە، کە بووەتە بەربەست لە پێشڕەوییەکان".
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار ئاماژەی بەوەش کرد، كە بەهێزبوونی باو بارانی زۆر و تێکچوونی کەشوهەوا، هۆکاری سەرەکی وەستاندنی هێرشەکانی سوپای عێراقن بۆسەر پێگەکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار، هاوکات سوپاش لەئامادەباشیدایە بۆ چاودێریکردنی چەکدارانی داعش و جموجۆڵەکانیان.
وەك ئیسماعیل مەحلاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار باسی دەكات، سەرەڕای خراپی کەشوهەوا و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەوردی چاودێری رەوشی ئەمنی ناوچەکە دەکەن، نەوەک چەکدارانی داعش سوود لە وەستاندنی هێرشەکانی سوپای عێراق و کەشوهەوا ببینن.
داعش لە 17/5/2015 شاری روومادی گرت، دوای ئەوەی سوپای عێراق لە شارەکە پاشەکشێی کرد، بەو هۆیەش هەزاران کەس لە خەڵکی شارەکە ئاوارەبوون. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە چەند مانگێکە بەردەوامن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبووە.
رۆژی 3-10-2015، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق كە هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، هۆکاری کۆنترۆڵ نەکردنەوەی رومادی ئاشكراكرد و گوتی" بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما یەکێک بوون لە هۆکارەکانی کۆنترۆڵ نەکردنەوەی رومادی، من هەرگیز لە ژیانمدا گەرمای وام نەبینیوە کە لە سەرووی 50 پلەوە بوو".
رووداو
