24 سه‌عات مۆڵه‌تیان داوه‌تێ.. خه‌ریكه‌ متمانە لە عەبادی ده‌ستێننه‌وه‌

 24 سه‌عات مۆڵه‌تیان داوه‌تێ.. خه‌ریكه‌ متمانە لە عەبادی ده‌ستێننه‌وه‌
ئەندامێكی فراكسیۆنی زەرد ئاشكرای دەكات، لیستی دەوڵەتی یاسا درزەكانی زۆر فراوان بوون و 24 سه‌عاتیان بە (عەبادی) داناوە بۆئەوەی بە بڕیارەكانی پرۆژەی چاكسازییه‌كه‌یدا بچێتەوە؛ (مالیكی)یش لە دواهەوڵیدا، 72 پەرلەمانتاری لە دژی (عەبادی) هان داون و واژۆیان كۆ كردووه‌تەوە بۆئەوەی متمانەی لێ بستێننەوە.

گوتیشی" مالیكی دەسەڵاتی نەماوەو بەرژەوەندیەكانی كەوتۆتە لێژیەوە هەربۆیە لەترسان پەلەقاژەیەتی و ململانیكانی لەناو كوتلەی دەوڵەتی یاسا زۆر توندتر كردۆتەوە."
(سیروان سیرینی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی زەرد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: ''لەئێستادا رەوشێكی سیاسیی زۆر زۆر توند لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی عێراقدا بوونی هەیە. هه‌ڵبه‌ت لە سەردەمی دەسەڵاتی (مالیكی)دا شیعەكان رێژەی دەسەڵاتیان سەدا شه‌ست بوو، بەو هۆیەشەوە سوننەكان لە ڕووی جیۆگرافی و دەسەڵاتەوە زیانی زۆریان پێگەیەندرا و، لەلایەن (مالیكی)یەوە دووچاری زۆر به‌ڵا و كاره‌ست بوونه‌وه‌. بە بەردەوامییش (مالیكی) هەوڵی دەدا بە هەمان شێوەی سوننەكان كێشە بۆ كورد دروست بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو و، بە زۆر شێواز پێشی پێگیرا.''

(سیرینی) ده‌یشڵێت: "ئێستا و دوای نەمانی (مالیكی) و هاتنەسەركاری (عەبادی)، ململانێكان لەناو كوتلە دەوڵەتی یاسای شیعه‌مه‌زه‌ندا زۆر تووند بوونه‌ته‌وە، بەتایبەت لەنێوان (عەبادی و مالیكی)دا. كوتلەی دەوڵەتی یاسا درزەكانی زۆر فراوان بوون و كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ 24 سه‌عاتیان بە (عەبادی) داوە بۆئەوەی بە بریارەكانی پرۆژەی چاكسازییەكه‌یدا بچێتەوە، چونكە وه‌ك ده‌ڵێن حیسابی بۆ سەركردەكانی تر نەكردووە لە كوتلەكەیدا، هه‌ڵبه‌ته‌ (مالیكی) لە دواهەوڵیدا 72 پەرلەمانتاری لە دژی (عەبادی) هان داوە و واژۆیان كۆ كردووه‌تەوە بۆئەوەی متمانەی لێ بستێننەوە."

ئاماژەیشی دا "لە سەردەمی (مالیكی)دا سەرجەم دەسەڵاتەكان لەلایەن (مالیكی)یەوە قۆرخ كرابوون، وەك بینیشمان ئەم هەموو كارەسات و كیشە و قەیرانە جۆراوجۆرە ڕووی لە عێراق كرد. لەئێستایشدا دەسەڵاتی نەماوە و بەرژەوەندییەكانی كەوتووه‌تە لێژی؛ لە لایەكی ترەوە لیژنەی لێكۆڵینەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، (مالیكی) بە تۆمەتباری سەرەكیی لە دەستبەسەرداگرتنی شارەكانی عێراق لەلایەن داعشەوە ناساند. هەربۆیە (مالیكی) لە ترسان پەلەقاژەیەتی و ململانێكانی لەناو كوتلەی دەوڵەتی یاسادا زۆر توندتر كردووه‌تەوە. لەم ململانێ و شەڕەی نێوان (مالیكی و عەبادی)یشدا، هاووڵاتیانی عێراق زەرەرمەندی سەرەكین و، بە هەوو شێوەیەك زیانبار بوونە، وەك بینیشمان ئەم هەموو شەڕ و قەیرانە عێراقی گرتەوە و لێكترازانەكان لە عێراق زۆر زیاتر بوونە."
Top