خشته‌ی نوێی مووچه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ڕاگیراوه
(نه‌جیبه نه‌جیب) ئەندامی كورد له لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خشته نوێی مووچە و ده‌رماڵە، پازده ڕۆژ لەمەوبەر ته‌واو بووه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و، بڕیار بوو له یەکەم ڕۆژی مانگی یانزەوە جێبه‌جێ بكرێت؛ به پێی ئه‌و خشته‌یه مووچەی هەرهەموو کارمه‌ندانی عیراق دەسکاری دەکرێت؛ بڕیارەکە ناڕه‌زاییه‌كی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بۆیە جارێ كاری پێ ناكرێت و، ڕاگیراوە."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی به‌شی هه‌رێمی كوردستان گوتی:" په‌رله‌مان ڕێگای داوه به حكوومه‌ت تا چاكسازی بكات؛ یه‌كێك له بڕگه‌كان له‌نێو چاكسازییه‌كه ئاماده‌كردنی خشته‌ی نوێی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بوو به‌ڵام په‌رله‌مان پێی ڕازی نەبووە و، داوایشی له سه‌رۆكوه‌زیران كردووه بێتە په‌رله‌مان و، قسەی خۆی بکا."
(نه‌جیبه نه‌جیب) گوتیشی: "وای بۆ ده‌چم حکوومەت ئەو کارەی پێ ناکرێ، چونكه خەڵکی عێراق دەیکەنە خۆپیشاندان؛ مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هاتووەته دەنگ و، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش پێی ڕازی نەبووە."
