جۆن ئالن: مانگی داهاتوو رومادی کۆنترۆڵ دەکرێتەوە

 جۆن ئالن: مانگی داهاتوو رومادی کۆنترۆڵ دەکرێتەوە
نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش رایدەگەیێنێ مانگی داهاتوو رومادی کۆنترۆڵ دەکرێتەوە و عەبادی-ش شایستەی ئەوەیە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی بکرێت.

جۆن ئالن، نوێنەری پێشووی باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، مانگی داهاتوودا شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار کۆنترۆڵ دەکرێتەوە، کە لەلایەن رێکخرای دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەستی بەسەردا گیراوە.

ئالن لە بەردەم لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگریسی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد کە بۆردوومانی فڕۆکە ئێف ١٦-ەکانی ئەمریکا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق بۆ شکستپێهێنانی داعش لە زۆربە ناوچەکانی بێجی.

هەروەها راشیگەیاند، چوار کاروانی سەربازی ئێستا ئاراستەیان بەرەو نێو شاری رومادی-یە و چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو کۆنترۆڵی بکەنەوە.

لەبارەی چاکسازییەکانی حەیدەر عەبادییەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جۆن ئالن گوتی عەبادی شایستەی ئەوەیە ئەمریکا پاڵپشتی بکات، لەبەر ئەوەی نیازێکی روونی هەیە بۆ چاکسازییکردن، بەڵام ئەو رووبەڕووی بایەکی پێچەوانە و دژایەتی هەندێک کەس و لایەن بووەتەوە.
















رووداو
Top