دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دواخرا
عیماد خەفاجی، گوتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشی ئەمڕۆی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت و بۆ رۆژی شەممە دوابخرێت.
گوتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بارانێکی بە خووڕ باریووە و بەهۆیەوە رێگاکان گیراون و پەرلەمانتاران ناتوانن بگەنە باڵەخانەی پەرلەمان.
ئەمە لە کاتێکدا پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارەی (٣٣)ی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیە بڵاوکردەوە:
یەکەم: دەنگدان لەسەر رێککەوتنی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و بیلارووسیا.
دووەم: دەنگدان لەسەر یاسای رێککەوتنی هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆ هاتووچۆکردن لە نێوان عێراق و ئازەربایجان.
سێیەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێککەوتنی ئابووری و تەکنیکی نێوان عێراق و کوێت.
چوارەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتننامەی رێگرتن لە پیسبوونی ژینگە لە رێگەی کەشتییەوە.
پێنجەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی.
شەشەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای دیاریکردنی ماوەی ویلایەتی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە.
حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم لەبارەی پڕۆژە یاسای قەرزی ژاپۆن بۆ عێراق.
هەشتەم: گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی تێکەڵکردنی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریدا.
نۆیەم: گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی ئاوی سوێری پارێزگای بەسرە.
دەیەم: گفتوگۆکردن لەسەر پرسی خەرجکردنی پارەی جوتیاران.
یازدەم: گفتوگۆکردنی لەسەر خشتەی نوێی مووچە.
رووداو
