500 ملیار دۆلار لە عێراق بە هەدەر دراوە"
بودجەی عێراق لە ساڵی 2003دا كە ئەوكات پۆڵ بریمەر، حاكمی مەدەنیی ئەمریكا عێراقی بەڕێوە دەبرد، تەنیا 14 ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئەو بودجەیە كە بە پلە یەك پشت بە داهاتی هەناردەكردنی نەوت دەبەستێ، ساڵانە زیادی كردووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2015دا گەیشتە 105 ملیار دۆلار. بەڵام گوتەبێژی لێژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "نیوەی بودجەی عێراق بە گەندەڵی خوراوە".
عادل نووری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی گوت، كۆی بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا 822 ملیار دۆلار بووە، هەروەها نزیكەی 200 ملیار دۆلاریش هاوكاریی دارایی و سەربازیی وڵاتان بۆ عێراق هاتووە "لەو تریلیۆن دۆلارە نزیكەی 500 ملیار دۆلاری بەشێوەی گەندەڵی خوراون، لەو 500 ملیار دۆلارەش 360 ملیاری هەر دیار نییە كە چۆن خەرجكراوە، ئەوەشی خەرج كراوە هیچ پرۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی پێ نەكراوە".
عادل نووری گوتی "عێراق لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە گەندەڵیدا نموونەی نییە".
10 وەزیر گەندەڵییان لەسەر ساخ بووەتەوە
پێشتر لێژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق زۆرتر خۆی بە دۆسیەی گەندەڵی فەرمانبەرانی ئاساییەوە مژول كردبوو، بەڵام عادل نووری دەڵێت "ئێستا ژمارەیەكی زۆر دۆسیەی گەندەڵی وەزیرانی ئێستا و كابینەكانی پێشتریشمان لەبەردەستە و بەشێكیشیان رەوانەی دەستەی دەستپاكی و دادگا كراون".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە هەر لەو ماوەی رابردوودا چەند دۆسیەیەك یەكلایی كراونەتەوە و لەلایەن دادگاشەوە حوكمیان لەسەر دراوە و هەندێكیشیان لە لێكۆڵینەوەدان. عادل نووری گوتی "زیاتر لە 10 وەزیری كابینەكانی پێشووی حكومەت بە تاوانی گەندەڵی دۆسیەكانیان یەكلایی بوونەتەوە، هەندێك لەو وەزیرانە دۆسیەی دیكەشیان لەسەر زیندوو بووەتەوە".
هەفتەی پێشوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ مەڵاس شێخ محەممەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی، وەزیری بازرگانی دەرچوو. عادل نووری دەڵێت "بانگهێشتی وەزیری پێشووی كارەباش بۆ دەستەی دەستپاكی كراوە، دۆسیەی ژمارەیەك وەزیری پێشتریش یەكلایی بوونەتەوە لەوانە سامر غەزبان، وەزیری پێشووتری بەرگری و ئەیهەم سامەرائی، وەزیری پێشووتری كارەبا لە كابینەی عەللاوی". گوتیشی "وەزیر هەیە 10 دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە".
عادل نووری زانیاری زیاتری لەبارەی بە هەدەردانی پارەی عێراق لەلایەن وەزیرەكان ئاشكرا كرد و گوتی "وەزیر هەیە تۆمەتی بەهەدەردانی نزیكەی 900 ملیۆن دۆلاری لەسەرە، هەشە 500 ملیۆن و هەشیانە 100 ملیۆن دۆلار. گرێبەستی وەزارەت هەیە وەهمییە و بایی نزیكەی ملیار و نیوێك دۆلارە".
كوردیشیان تێدایە
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، كورد بەشێك بووە لە پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراق و لە سەرجەم كابینەكانی حكومەتدا وەزیری هەبووە. گوتەبێژەكەی لیژنەی دەستپاكیش كە پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە، بە داخە بۆئەوەی كە وەزیری كوردیش دۆسیەی گەندەڵییان هەیە.
عادل نووری گوتی "بەداخەوە هەندێك لەو وەزیرانەش كوردن، بەڵام هەندێ دۆسیەیان گەندەڵی وەزارەتەكانە، واتە لەلایەن بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانەوە كراون، بەڵام وەزیر بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت دەكرێت تاوەكو بزانرێت چۆن ئاگای لەو گەندەڵییە نەبووە یاخود چاوپۆشی كردووە".
"هەموو دەزگاكان گەندەڵن"
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە زنجیرەیەك چاكسازی راگەیاند و چەند وەزارەتێكی هەڵوەشاندەوە و وەزیر و بەرپرسی لە كارەكانیان دوورخستەوە. لە درێژەی زنجیرەی چاكسازییەكانیشیدا هەفتەی رابردوو 134 بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیری دوورخستەوە.
عادل نووری روونیكردەوە كە نەك هەر وەزارەتێك، بەڵكو هەموو دەزگا حكومییەكانی عێراق دۆسیەی گەندەڵییان هەیە "وەزارەتەكانی بەرگری، ناوخۆ، تەندروستی، گواستنەوە، بازرگانی، نەوت، كۆچ و كۆچبەران، شارەوانی و نیشتەجێكردن، هێڵی فڕۆكەوانیی مەدەنی، ئەمیندارێتی گشتی بەغدا، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و پارێزگاكان بە كەركووكیشەوە دۆسیەی گەندەڵییان هەیە. بە كورتی هیچ دەزگایەكی دەوڵەتی عێراق نییە دۆسیەی گەندەڵی نەبێت".
نووری جۆری گەندەڵی نێو وەزارەتەكانی بە جیاواز ناوبرد و گوتی "جگە لەوەی هەموو دۆسیەكان قورسن و بە ملیاران دۆلار گەندەڵی كراون، بەڵام دۆسیەكان جیاوازن، بۆ نموونە گەندەڵیی وەزارەتی بەرگری پەیوەندی بە چەكەوە هەیە كە هەرچەندە عێراق چەكی زۆری هەبووە، بەڵام بۆچی عێراق رادەستی داعش دەكرێت؟ یاخود وەزارەتی بازرگانی كاتێك خۆراكی ماوە بەسەرچوو دەداتە هاووڵاتیان و بەو هۆیەوە تووشی شێرپەنجە دەبن".
خراپترین ماوەی حوكم
سەردەمی حوكمی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە 2006 تاوەكو كۆتایی 2014 بە بۆچوونی عادل نووری "خراپترین" سەردەمی دەوڵەتداریی عێراق بووە كە زۆرترین گەندەڵی تێدا كراوە، بۆیە وەك ئەو باسی كرد، مالیكی و عەبادی دوو بەرپرسی سەرەكین لەو گەندەڵییانە و گوتی "لەو دوو كابینەیەدا مالیكی سەرۆك وەزیران و عەبادیش سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە لە پەرلەمان، بۆیە هەردووكیان بەرپرسی سەرەكین، چونكە دەبووایە عەبادی ئەو گەندەڵییانەی ئاشكرا بكردایە كە چۆن سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان واژووی ئەو گرێبەستانەیان كردووە".
سەبارەت بە لێپرسینەوەش لە مالیكی و عەبادی، عادل نووری گوتی "ئەو دۆسیانەی كە ئێمە یەكلاییان دەكەینەوە دەیاننێرین بۆ دەستەی نەزاهە و دادگای نەزاهە، دەبێت لەلایەن دادگاوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت".
هەڕەشەیان لەسەرە
لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 17 ئەندام پێكهاتووە و بە گوتەی گوتەبێژەكەیان، كاركردنیان لەسەر ئەو دۆسیانە ئاسان نییە "لەسەر هەر دۆسیەیەك چەندین هەڕەشەمان لێدەكرێت، بەڵام توانیومانە جموجوڵێكی گەورە لەسەر ئاشكراكردنی ئەو گەندەڵییانە دەستپێبكەین و گوشاری زۆریش لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دروست دەكەین بۆ بەسزا گەیاندنی بەرپرسە گەندەڵەكان".
رووداو
