ئەمریکا بیر لە ناردنی هێزێکی تایبەت بۆ سوریا و عێراق دەکاتەوە

ئەمریکا بیر لە ناردنی هێزێکی تایبەت بۆ سوریا و عێراق دەکاتەوە
دوای شکستی سوپا و هێزە عێراقییەکان لە روومادی و داگیرکردنی لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە مانگی ئایاری رابردوو و شکستی ئەمریکا لە مەشقپێکردنی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بیر لە ناردنی هێزی تایبەتی وڵاتەکەیان دەکەنەوە بۆ عێراق و سوریا.

دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە بڵاوەپێکردنی هەر هێزێکی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە، بە وردی پلانی بۆ دادەڕێژرێت و بۆ ئامانجی سەربازیی دیاریکراو و شوێنی دیاریکراو دەبێت.

یەکێک لە میکانیزمەکانی ناردنی هێز بۆ سوریا ئەوە دەبێت، کە هێزێکی تایبەت لە سوریا جێگیربکرێت، بۆ راوێژکارییکردن بۆ هێزە میانڕەوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا و داواکاردنی پشیوانیی ئاسمانیی لە کاتی پێویست بۆیان.

ئەو بەرپرسانە هەروەها ئاماژەیان بەوەکردووە، کە یەکێکی دیکە لە گریمانەکانی دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمریکا لەم ناوچەیە، ناردنی فڕۆکەی جۆری ئەپاچیی هێرشبەر دەبێت بۆ عێراق بۆ پشتگیریکردنی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی داعش.

بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسانە، لە ئەگەری رەزامەندییدان لەسەر ناردنی هێزێکی تایبەت بۆ سوریا و عێراق و ناردنی فڕۆکی ئەپاچی بۆ عێراق، ئەوا ناردنەکە ماوەی چەند هەفتەیەک یاخو چەند مانگێک دەخایەنێت.

هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی و کۆشکی سپی هیچ کۆمێنتێکیان لەسەر ئەم گریمانانە نەبووە، بەڵام ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری پێشتر و دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزێکی تایبەتی وڵاتەکەی و دژە تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە حەویجە و رزگارکردنی 69 بەندکراو لە زیندانێکی داعش و کوشتن و دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکدار، رایگەیاندبوو، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بەردەوام دەبن.








باسنیوز
Top