لەمەودوا پێویستت بە ناسنامە و رەگەزنامە و کارتی زانیاری نابێ
ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، یاساکانی کارتی نیشتمانی و هەموارکردنی دووەمی یاسای وەبەرهێنانی ژمارەی 13 ی ساڵی 2006 پەسەندکراون.
ئەحمەدی حاجی رەشید، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکیسۆنی کۆمەڵی ئیسلامییە روونیکردەوە، بەگوێرەی یاسای کارتی نیشتمانی، لەمەودوا لە راییکردنی مامەڵەکان هیچی دیکە پێویست بە هەموو بەڵگەکان ( رەگەزنامەی عێراقی، ناسنامە و کارتی زانیاری .. هیتد) ناکات، بەڵکو هەموویان دەبنە یەک کارت و، کارەکان بەو کارتە رایی دەکرێن.
هەروەها گوتیشی " بەگوێرەی یاساکە هەر کەس و خێزانێک کۆدێکی تایبەتی خۆی دەبێت و سەرجەم زانیارییەکان لەنێو بانکێکی زانیاری هەڵدەگیرێن. تەنیا کار بەو کارتە و بانکە زانیارییە دەکرێت".
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پڕۆژەیاسای دیكە كرا، كە بریتیبوون لە: رێککەوتننامەی هاوکاری ئابووری و تەکنیکی نێوان عێراق و کوەیت، چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی رێگەگرتن لە پیسبوونی ژینگە لە کەشتییەوە، هەروەها هەموارکردنی چوارەمی یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی ژمارە 148 ی ساڵی 1974.
رووداو
