به‌یانی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا ستاییشی هێزه‌كانی ئه‌منی هه‌رێم ده‌كەن

به‌یانی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا ستاییشی هێزه‌كانی ئه‌منی هه‌رێم ده‌كەن
ئەندامێكی لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ بەیانی لە لیژنەكەمان كۆبوونەوەیەك پێوه‌ست به‌ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی ئەمەریكاو ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەین و، بەیاننامەیەكی دەست خۆشی لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ ستایشی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان دەخوێنینەوە.

(شاخاوان عەبدوڵا) ئەندام لە لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئەم كاولكاریەی بەسەر عێراقداهێنا لێدوانەكانی بەشێك له‌ سیاسیەكانی بوو، كیشەكە ئەوەیە ئەو سیاسانە دێن بە شێوەیەكی عاتفی باس لە ئۆپەراسیۆن و كردە سەربازییەكانی پێكهاتە و دەزگا ئەمنیەكانی سەربە تائیفەكەی خۆیان دەكەن كە زۆریش بچوكە دێن بەرزی دەنرخێنن. بەڵام كاتێك ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی وەكو ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی ئەمەریكا ئەنجام دراوە، كە یەكەم جارە وەها ئۆپەراسیۆنێك لە شەری داعش ئەنجا بدرێت دێن بچوكی دەكەنەوەو تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی ڕەخنەیشی لێ بگرن."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەیشی دا كە "بەشێك لە بەرپرسانی حكوومی و تائیفی عێراق پەلەیان بوو هەرچی زووە لێدوان لەوبارەیەوە بدەن و لە گرنگی ئۆپەراسیۆنەكە كەم بكەنەوەو باس لەوە بكەن كە ئەم ئازادكراوانەی ئۆپەراسیۆنەكە ڕفێندراوی ئەمەریكی تیدابووە.

ده‌یشڵێ، (حاكم زاملی) سەرۆكی لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیگوت دەبێ هەڵویستمان هەبێت و، سەبری نەگرت و، هەندێك لێدوانی شەخسیی دا وەكو سەرایەی سەلام نەك وەكو سەرۆكی لیژنەكە."

دووپاتی كردەوە كە "بەیانی لە لیژنەكەیان كۆبوونەوەیەك لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و بە تێكڕا دەنگ لەسەر ئەوە دەدەن كە بەیاننامەیەكی دەستخۆشی لەناو پەرلەمانی عێراق بخوێندرێتەوە و، ستایشی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی تۆماریان کردووە."

ڕۆژی پێنجشەممە 22/10/2015، ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی زانیاریی تەواوی هەبوو كە ژمارەیەكی زۆر دیل و گیراو لە زیندانێكی تیرۆریستانی داعشدا لە نزیك حەوێجە گلدراون، سەعات 2ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان، هێزێكی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا گەیشتنە ناو قووڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان و 69 بەندكراویان ئازاد كرد.
Top