حەیدەر: قه‌زای‌ بێجی‌ و پاڵاوگه‌ی‌ بێجی‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

حەیدەر:  قه‌زای‌ بێجی‌ و پاڵاوگه‌ی‌ بێجی‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌
فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق، شه‌وی‌ رابردوو سه‌ردانی‌ قه‌زای‌ بێجی‌ و پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وتیی بێجی كرد كه‌ به‌م دواییانه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و عه‌شایه‌ره‌كان توانییان له‌ده‌ستی‌ داعش رزگاری‌ بكه‌ن، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ شه‌ڕی‌ بێجی‌ حه‌وت مانگ به‌رده‌وامی‌ كێشا.

له‌ راگه‌یاندراوێكدا نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: "سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی‌ قه‌زای‌ بێجی رزگاركراوی‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و عه‌شایه‌ره‌كانه‌وه‌ رزگاركرا".

راشیگه‌یاندووه‌: "عه‌بادی‌ سه‌ردانی‌ پاڵاوگه‌ی‌ بێجی كردووه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ رزگار كراوه‌، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی هێزه‌ ئه‌منی و چه‌كدارییه‌كان كۆبۆته‌وه‌ و روونیشكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعش به‌هۆی‌ یه‌كگرتوویی هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ بووه‌".
هه‌ر له‌و راگه‌یاندراوه‌دا هاتووه‌: "شه‌ڕی‌ بێجی توانای‌ عیراقییه‌كانی‌ سه‌لماند كه‌ ده‌یانه‌وێت وڵاته‌كه‌یان رزگار بكه‌ن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگی‌ خایاند و شه‌ڕێكی‌ زۆر قورس و دژوار بوو، به‌ڵام دواجار سه‌ركه‌وتن به‌خوێنی‌ شه‌هید و برینداره‌كان تۆمار كرا.














خه‌ندان
Top