عێراق رێگەی بە رووسیا نەداوە بەشداری شەڕی داعش لە عێراقدا بكات

 عێراق رێگەی بە رووسیا نەداوە بەشداری شەڕی داعش لە عێراقدا بكات
لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق رێگەی بە رووسیا نەداوە بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی داعش لە نێو خاكی عێراق بۆردومان بكات، لەبەر ئەوە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا لە سووریا كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر عێراق نییە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند "تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق رێگەی بە رووسیا نەداوە بارەگاكانی چەكدارانی داعش لە شارەكانی عێراق بۆردومان بكات، بەڵام هەر زانیاریەك حكومەتی سووریا هەیبێت بەوەی كە داعش هێزەكانی لە سووریاوە دەگوازێتەوە نێو عێراق فڕۆكەكانی رووسیای لێ ئاگاداردەكاتەوە بۆ ئەوەی لە نێو خاكی سووریا بۆردومانیان بكات، ئەگەر گەیشتە نێو خاكی عێراقیش حكومەتی عێراق ئاگاداردەكاتەوە بۆ ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لە نێو خاكی عێراق بۆردومانیان بكەن".

عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش دا " تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق رێگەی به رووسیا نەداوە لە نێو خاكی عێراق بەشداری شەڕی داعش بكات، هەروەها هیچ پڕۆژە یاسایەكیش ئامادەنەكراوە بۆ ئەم مەبەستە، تاوەكو ئیستا تەنها ژوورێكی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوان رووسیا و عێراق و ئێران و سووریا هەیە، بۆ ئەوەی هەر زانیاریەك لەسەر جموجۆڵەكانی داعش هەبوو یەكدی لێ ئاگاداربكەنەوە".

بە ئاماژەدان بەوەی "تاوەكو ئێستا ئۆپەراسیۆنەكانی رووسیا لە سووریا هیچ كاریگەریان لەسەر عێراق نەبووە" شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی " ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی رووسیا تەنها لە سووریایە نەك عێراق، ئەمریكاش بە تایبەتی لە هەفتەی رابردوو و بە شاهێدی شیعەكان خۆیان، لە بێجی و رومادی رۆڵی باشییان هەبووە و گورزی بەهێزيان لە داعش داوە".












رووداو
Top