هێشتا شەڕ لە بێجی بەردەوامە
محەممەد مەحموود، قایمقامی شارۆچكەی بێجی رايگەیاند "تاوەكو ئێستا شەڕ و پێكدادان لە نێو شارۆچكەی بێجی بەردەوامەو هێزە ئەمنییەكانیش لەوناوچانە خۆیان قایمكردووە، كە لە دوو رۆژی رابردوو كۆنترۆڵیان كردوونەتەوە، بەتایبەتی ناوچە و چیای مەكحول و ناوچەی سینیە".
مەحموود گوتیشی "بەهۆی زۆری بۆمبی چێندراو و خانووی بۆمبڕێژكراو، هێزە ئەمنییەكان نەیانتوانیوە پێشڕەوی بكەن و چاوەڕێی تیمەكانی هەڵگرتنەوەی بۆمبەكان دەكەن، بۆئەوەی هێرشەكانیان دژی چەكدارانی داعش دەستپێبكەن و تەواوی شارۆچكەكە كۆنتلاۆڵ بكەنەوە، هاوكات پاڵاوگەی بێجیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنترۆڵكراوەتەوە".
رۆژی هەینی 16 تشرینی یەكەمی 2015 ، سەرچاوەیەك لە نووسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " بەپێی پلانێكی سەربازی، هێزە ئەمنییەكانی عێراق هێرشیانكردە سەر چەكدارانی داعش و هەموو كۆشكە كۆمارییەكانی چیای مەكحولیان لە باكووری شاری تكریت كۆنترۆڵكردنەوە".
رۆژی چوارشەمە 14 تشرینی یەكەمی 2015 ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كۆنترۆڵكردنەوەی بەشێكی فراوانی پاڵاوگەی بێجی راگەیاند كە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتییە لە باكووری عێراق. ساڵی رابردوو چەكدارانی داعش بەشێكی فراوانیان لە شارۆچكەو پاڵاوگەی بێجی كۆنترۆڵكرد، چەندین جاریش حكومەتی عێراق كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەكەی راگەیاندووە، بەڵام جارێكی دیكە چەكدارانی داعش كۆنترۆڵیان كردووەتەوە و بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بەر پاڵاوگەكە كەوتووە.
رووداو
