چەكدارانی داعش لە سەڵاحەدین داوای چەك و خۆكوژ دەكەن

 چەكدارانی داعش لە سەڵاحەدین داوای چەك و خۆكوژ دەكەن
دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی كۆشكەكانی كۆماری لە بەرزاییەكانی مەكحول و ناوچەی سینیە لەدەست چەكدارانی سەر بە گرووپی داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین، هێزە ئەمنییەكان بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق لەپێشڕەویدان، رەنگە ئامانجی داهاتووش كۆنترۆڵكردنەوەی شارەدێكانی رەشاد و ریاز بێت.

كەریم نووری، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لەبارەی شەڕەكە رايگەیاند "هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی لە پێشڕەویدان و رەنگە ئامانجی داهاتوو هەردوو شارەدێی رەشاد و ریاز بێت، هاوكات پێویستە ئەو داڕوخانە خێرایەی چەكدارانی داعش بقۆزینەوە، كە بە شێوەیەكی پێشبینی نەكراوە، پێشبینی دەكەم كەتیبەی چیچانی و ژمارەیەك كەتیبەی دیكە لەنێو شارۆچكەی بێجیدا بن".

گوتەبێژی حەشدی شەعبی پێیوایە چەكدارانی داعش لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتە سەربازیەی ئەمجارەی هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی بەرگریان بۆ ناكرێت، تەنانەت لە پەیوەندییەكانیاندا دەبیستین دەڵێن لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدراوین، چەك و تەقەمەنیمان نەماوە، چەك و خۆكوژمان بۆ بنێرن".

نووری گوتیشی "چەكدارانی داعش لە ناوچەی حمێرە بە ئاراستەی رووباری پشت چیای مەكحول گەمارۆدراون و ژمارەیەكیان لەڕێگەی رووبارەوە هەڵاتوون، چونكە پردەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تێكشكێنراوە، تەنانەت دەیان ئۆتۆمبێلیان لەدوای خۆیان جێهیشتوون".

سەبارەت بە بەشداریكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش كەریم نووری گوتي "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لەو شەڕانە بەشدارنین، تەنانەت هەماهەنگیشمان نییە، ئەو قسانەش تەنها بۆ كەمكردنەوەی تواناكانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكانن، هیچ پێویستیمان بە فڕۆكەی هاوپەیمانان نییە، بەڵكو پێویستیمان بە فڕۆكەی عێراقی و سوپای عێراق هەیە".










رووداو
Top