لێژنەی نەزاهە: بەم نزیکانە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەندین بەرپرسی باڵا دەردەچێت
عادل نووری، گوتەبێژی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لێژنەکەیان میوانداریی سەرۆکی دادگای دەسپاکی کرد، لەبارەی پرسی دەرکردنی یاداشت و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک تۆمەتبار و گەورە بەرپرسانی دەوڵەت.
عادل نووری ئاماژەی بەوەکرد "سەرۆکی دادگای دەستپاکی، پێیڕاگەیاندووین زۆربەی تۆمەتبارەکان بەرپرسانی باڵان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەندێکیان دەرچووە لە وانەی وەزیرانی ئێستا و پێشووی کارەبا و ئەمیندارانی پێشووی بەغدا".
گوتەبێژی لێژنەی نەزاهە دەڵێ ئەو بەرپرسانە بە دۆسیەکانی گەندەڵی و سپییکردنەوەی پارە تۆمەتبارکراون، پێویستە حکومەت بە زووترین کات دەستگیریان بکات و دادگای فیدراڵیش تووندترین سزایان بدات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کەوتوون، تۆمەتبارەکان ژمارەیان ٢٥ کەسە، کە زۆریان بەرپرسی باڵان لە حکومەت کە وەزیر و بەڕێوبەری گشتیین.
رووداو
