لە پەرلەمانی عێراق پرسی دانپێدانەنانی زانکۆ ئەهلییەکانی کوردستان تاوتوێدەکرێت

لە پەرلەمانی عێراق پرسی دانپێدانەنانی زانکۆ ئەهلییەکانی کوردستان تاوتوێدەکرێت
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، پرسی دانپێدانەنانی زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تاوتوێدەکات و داوای کۆبوونەوەی وەزیرانی هەولێر و بەغدا دەکات.

د.شێرکۆ میرزا، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پرسی زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو تەوەرانەی لە دانیشتی رۆژی شەممەی داهاتوو لیژنەکەیان تاوتوێی دەكات.

تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی دانی بە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان نەناوە و ئەمەش گرفتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، كە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە سەرجەم پڕۆژەیاساکانی کابینەی پێشوو لە پەرلەمان بکشێنێتەوە کە نزیکەی 56 پڕۆژە دەبن، یەکێک لەو پڕۆژانەش كە خوێندنەوەی بۆکراوە، پڕۆژەیاسای زانکۆ ئەهلییەکانە، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم کاری لیژنەکەیان.

د.شێرکۆ میرزا زیاتر دەڵێت، لیژنەکەیان داوایکردووە هەردوو وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی و کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی ئەو پرسە کۆببنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدراوە، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو حوسێن شەهرستانی، وەزیری خوێندنی باڵا بانگهێشتی لێژنەکەیان بکرێت و ئەو پرسەی لەگەڵ تاوتوێ بکرێت.
































رووداو
Top