"ئەوەی عەبادی دەیکات چاکسازی نییە"

پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ناوی چاکسازییەوە دەیکات چاکسازی نییە، بەڵکو لادانی پۆستدارەکانە و، ئەمەش بە چاکسازی ھەژمار ناکرێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (حاکم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ڕەخنەی زۆرمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە لەو گوایە چاکسازییەی دەیکات؛ ئاخر ئەوەی ئەو دەیکات ناچێتە خانەی چاکسازییەوە، چونکە چاکسازی بەوە ناکرێت ڕێگای ناوچەی کەس بکاتەوە و، ھەندێک بەرپرس لە پۆستەکانیان لا بدات و، مووچەی بەرپرسان کەم بکاتەوە."
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، چاکسازی پێویستە داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت کە گەندەڵکاران دەستگیر بکرێن و، دەست بەسەر مڵک و ماڵیاندا بگیرێت و، بۆ خەزینەی دەوڵەتی بگێڕنەوە، ئەوەیە چاکسازی نەک ئەوەی سەرۆکوەزیران دەیکات.
(سلێڤانەیی) ڕوونیشی کردەوە، گەندەڵان بە ملیاران دیناریان دزیوە و، بردوویانە بۆ دەرەوەی وڵات و، تا ئێستایش کەسیان دەستگیر نەکراوە.
Top