موقتەدا ئەلسەدر داوا لە خەڵک و هەوادارانی دەكات خۆپیشاندان بكەن
موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا داوای لە عێراقییەكان و هەوادارانی كرد" هەینی داهاتوو لە پێناو جێبەجێكردنی داواكانیان و ئەنجامدانی چاكسازی تەواو بڕژێنە سەرشەقامەكان و خۆپیشاندان بكەن".
سەدر گوتیشی "داوا لە هەموو عێراقییەكان دەكەین بەشداری لە خۆپیشاندانەكان بكەن، هەروەها پابەندی مەرج و رێنماییەكانی تایبەت بە خۆپیشاندان بن، كە پێشتر لەپێناو سەلامەتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان راگەیێندراون ".
لە 24ی ئابی 2015 موقتەدا سەدر داوای لە هەوادارانی كرد بۆ داواكردنی چاكسازيكردن لە نێو دەزگای دادوەری و دوورخستنەوەی گەندەڵكاران و دادگاییكردنیان رۆژانی هەینی بڕژێنە سەرشەقامەكان و خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوومانگە بە رۆژانی هەینیدا لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.
لە 9-8-2015 بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی حەیدەرعەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پشتبەستن بە ماددەی 78ی دەستووری عێراق، بڕیاری کۆمەڵێک چاکسازی دەرکرد، کە دیارترینیان لەکارلادانی جێگرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریشدا بە هەڵدانەوەی دۆسییەکانی گەندەڵیی ئێستا و رابردوو، سەرەڕای کەمکردنەوەی پاسەوانانی بەرپرسان و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.
رووداو
