ئه‌رده‌لان نوره‌دین: گه‌نده‌ڵییه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ عێراقدا كراوه‌ و هیچ به‌رپرسێكی كورد تۆمه‌تبار نییه‌

ئه‌رده‌لان نوره‌دین: گه‌نده‌ڵییه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ عێراقدا كراوه‌ و هیچ به‌رپرسێكی كورد تۆمه‌تبار نییه‌
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له‌ عێراقدا كراوه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا هه‌وڵێكی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، به‌ جۆرێك كه‌س ناتوانێ به‌رگری له‌ گه‌نده‌ڵكاران بكات، چونكه‌ شه‌قام دژیانه‌.

ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (ئه‌رده‌لان نوره‌دین) به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له‌ عێراقدا كراوه‌ و له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆری دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵییش له‌ به‌رده‌ستماندان، به‌ جۆرێك فه‌رمانبه‌ر له‌ بانكی ناوه‌ندی هه‌بووه‌ (70) ملیار دیناری دزیوه‌ و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕایكردووه‌، كه‌ تاكو ئێستاش ده‌ستگیر نه‌كراوه‌ و زۆر نموونه‌ی دیكه‌ش هه‌ن.

ئه‌رده‌لان نوره‌دین گوتیشی، پێشتر پشتگیری له‌ گه‌نده‌ڵكاران ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا هه‌وڵێكی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاران و كه‌س ناتوانێ به‌رگرییان لێ بكات، چونكه‌ ئه‌م جاره‌ شه‌قام دژیانه‌، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ی چاكسازیه‌دایه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستی پێكردووه‌ بۆ چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی. ڕوونیشی كرده‌وه‌، تا ئێستا هیچ به‌رپرسێكی كورد له‌ حكوومه‌تی عێراق به‌ گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار نه‌كراوه‌ و هیچ دۆسییه‌كیشیان له‌ دادگا نییه‌.
Top