وەزیری بەرگری عێراق بانگهێشتی پەرلەمانكرا
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە رایگەیاند:" وەزیری بەرگری ئاشكرایكرد كە سەرجەم گرێبەستەكانی كڕینی چەك ئەوانەی پێشوو واژۆكرابوون راگیراون و پێداچوونەوەش بەو گرێبەستانە كراوە، هەروەها ئاماژە بەوەدا كە تاوەكو شەڕی ئەنبار یەكلایی نەبێتەوە شەڕی موسڵ دەستپێناكات، چونكە بەبێ گرتنەوەی ئەنبار شەڕی موسڵ هەڵەیەكی سەربازی گەورە روودەدات".
هۆشیار عەبدوڵڵا گوتی:" لە بارەی هەماهەنگییەكانی نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزاەرتی پێشمەرگە، خالید عوبەیدی ئەوەی روونكردەوە ئێستا لیژنەیەكی دیكەی باڵا بە سەرپەرشتی ئەمریكییەكان لە نێوان هەولێرو بەغدا دروستكراوە، كە ئەركی زیاتر رزگاركردنی موسڵە، گوتیشی ئەوەی لە دەستمان هاتبێت بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە كردوومانە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری روونی كردەوە كە وەزیری بەرگری عێراق گووتوویەتی هەڵستاندنی فڕۆكەی ئیف 16 بە دەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە كە ئەویش حەیدەر عەبادییە.
سەبارەت بە كڕینی 150 ئۆتۆمبێلی تاهۆی زریپۆش، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاندووە:" كڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە هیچ پەیوەندی بە عەبادییەوە نییە، بەڵكو ئەو ئۆتۆمبێلانە لە سەردەمی مالیکی كڕاون و پارەكەشیان دراوە، بۆیە هەوڵدراوە گرێبەستەكە هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام لایەنی دووەم پارەی وەرگرتووە و رازینەبووە، بۆیە هەوڵمانداوە ئەو ئۆتۆمبێلانە بە ئەمبوڵانسی سەربازی بگۆڕنەوە دیسانەوە لایەنی دووەم رازی نەبووە، بۆیە هەوڵی فرۆشتنەوەی دراوە بە وەزیرو پەرلەمانتارەكە بۆیە كەس نەیكڕیوە و ناچاربووینە بە سەر ئەفسەرە شایستەكانی وەزارەتی بەرگری دابەشكراوە".
رووداو
