پەرلەمانی عێراق یەکخستنی وەزارەتەکانی ژینگە و تەندرووستی تاوتوێ دەکات

 پەرلەمانی عێراق یەکخستنی وەزارەتەکانی ژینگە و تەندرووستی تاوتوێ دەکات
بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پرسی یەکخستنی وەزارەتی ژینگە لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی تاوتوێ بکات و خوێندنەوەی دووەم بۆ چەند پرۆژەیاسایەک ئەنجام بدات و دەنگ لەسەر چەند پرۆژەیاسایەکی دیکە بدات.

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-09-2015 بڕیارە پەرلەمان پرسی یەکخستنی وەزارەتی ژینگە لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی تاوتوێ بکات، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشتر ئەو پرسەی پەسەند کرد و هەردوو وەزارەتەکەی یەکخست.

هاوکات بڕیارە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای سەرژمێریی دانیشتووان و پرۆژە یاسای چەک و پرۆژە یاسای کارتی نیشتمانیی ئەنجامبدات.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوایین دانیشتنی پەرلەمان دەنگۆی هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوبووەوە، بەڵام هیچ لەو دەنگۆیانە بەدینەهاتن. لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران دەڵێن هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەنجامدانی "چاکسازیی" بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیەکی قووڵ لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا.







رووداو
Top