جه‌نه‌راڵێكی‌ ئه‌مریكا: موسڵ له‌ ماوه‌ی‌ مانگێكدا رزگارده‌كرێت

جه‌نه‌راڵێكی‌ ئه‌مریكا: موسڵ له‌ ماوه‌ی‌ مانگێكدا رزگارده‌كرێت
جه‌نه‌راڵ جۆن ئالن، نێرده‌ی‌ باراك ئۆباما سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێده‌وڵه‌تی‌ رایگه‌یاند، ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات دژ به‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش، درێژه‌ده‌كێشێت، به‌ڵام ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر رزگاركردنی‌ موسڵ كرده‌وه‌ له‌ ماوه‌ی‌ مانگێكدا.

ئالن له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ له‌كه‌ڵ كه‌ناڵی‌ (العربیه‌) وتی‌: "رزگاركردنی‌ موسڵ مانگێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌و خه‌مڵاندنه‌دا زۆر به‌ئاگابم، ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌كرێت له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی‌ سه‌ربازیی‌ عیراقه‌وه‌ وه‌ڵامبدرێته‌وه‌"، ره‌تیشكرده‌وه‌ كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ داعش بێت، چونكه‌ ئه‌و رێكخراوه‌، حكومه‌ته‌ لاوازه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج، به‌ڵام حكومه‌تی‌ عیراق تا دێت ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ پته‌وده‌كات.

به‌ بۆچوونی‌ ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ی‌ ئه‌مریكا، سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ عیراق، ده‌توانن رۆڵی‌ گه‌وره‌ ببینن و كه‌شێكی‌ وه‌ها بخولقێنن كه‌ رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ رێكخراوێكی‌ وه‌ك داعش نه‌درێت.

وتیشی‌: "ئه‌و رووبه‌رانه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ریاندا گرت، كه‌مبونه‌ته‌وه‌، راسته‌ رووبه‌ری‌ تر و ناوچه‌ی‌ تریان كۆنترۆڵكردووه‌، به‌ڵام له‌ شوێنی‌ تر زیانی‌ گه‌وره‌یان كردووه‌، بۆیه‌ كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ داعش نییه‌".

هێزه‌كانی‌ عیراق له‌ئێستادا خۆیان بۆ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ ئاماده‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ 10 حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوودا له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ 31ی‌ ئاداری‌ رابردوو شاری‌ تكریت له‌ داعش پاكرایه‌وه‌ و ئاماده‌كارییه‌كانیش بۆ رزگاركردنی‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌نبار و خۆرئاوای‌ كه‌ركوك، ده‌ستیپێكردووه‌.









خه‌ندان
Top