داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکرێت

داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکرێت
سەرۆکى فراکسیۆنى دەعوا داوا دەکات یاساى هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەک هەمواربکرێـتەوە، کە رێگە بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت بدرێت دەشڵێت، پێویستە ژمارەى پەرلەمانتاران بۆ نیوەى ژمارەکەى ئێستا کەمبکرێتەوە.

خەڵەف عەبدولسەممەد سەرۆکى فراکسیۆنى دەعوا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە پێناو ئەنجامدانى هەڵبراردنى پێشوەخت، داواى هەموارکردنەوەى یاسای هەڵبژاردنەکان دەکەین.

ئاماژەى بەوەشکردووە، دواى ئەوەى هاوڵاتیانى هیراق رژانە سەر شەقامەکان و داوا گۆڕانکاریی سیستەمى سیاسی وڵات و کەمکردنەوەى موچەى وەزیر و پەرلەمانتارەکانیان کرد، پێویستە یاسای هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری تێدا بکرێت و هەندێک مەرجى تێدا دابنرێت، کە داواکارى خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات، وەک کەمکردنەوەى ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ نیوەى ئەو ژمارەیەى ئێستا، هەروەها پێویستە ئەو کەسەى خۆى بۆ ئەندامێتى پەرلەمان کاندید دەکات لە بڕوانامەى بکالۆریۆس کەمترى نەبێت.

لەبارەى موچەى پەرلەمانتارانەوە، سەرۆکى فراکسیۆنى دەعوا رایگەیاندووە، دەبێت موچەى پەرلەمانتار هەمان ئەو موچەیە بێت، کە لە پێشکەى خۆیدا وەریدەگرێت و ئەگەر ئەو کەسەش فەرمانبەر نەبوو، ئەوا هاوشێوەى پەرلەمانتارەکانى تر موچەى پێبدرێت.

ماوەى دوو مانگ دەبێت هاوڵاتیانى پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشورى عیراق خۆپیشاندانى فراوانیان لە دژى گەندەڵى و نەبوونى و خزمەتگوزارى سەرەتایی دەستى پێکردووە، خۆپیشاندەران داواى هەڵوەشانەوەى پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى دەکەن.







خەندان
Top