ئوسترالیا 12هەزار پەنابەری سووری و عێراقی وەردەگرێت
تۆنی ئەبۆت، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە شاری کانابێرە ئەنجامیدا لە بارەی بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە هێرشی هاوپەیمانان لە دژی داعش لە عێراق و سووریا و کێشەی پەنابەران رایگەیاند:" ئوسترالیا ئامادەیە 12 هەزار پەنابەری سووری و عێراقی وەربگرێت ومافی پەنابەریان پێبدات، کە بەهۆی شەڕو تێکچوونی رەوشی ئەمنی وڵاتەکەیان جێهشتووە و بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە".
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتیشی " حکومەتی ئوسترالیا داواکەی ئەڵمانیای پەسەندکردووە لەبارەی دابەشکردنی پەنابەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپی و ئوسترالیا پێشوازی لەو بڕیارەدەکات بە پێدانی مافی پەنابەریەتی بە 12 هەزار پەنابەری سووری وعێراقی ".
تۆنی ئەبۆت ئاماژەی بەوەشکردووە، ئوسترالیا ناتوانێت زیاتر لەو ژمارەیە وەربگرێت کە دیاریکردووە و هاوکات حکومەت پابەندە بە دانینکردنی ژیان و گوزەرانی 12 هەزار پەنابەرەکە و ئەمەش وەک هاوکارییەکی مرۆیی حکومەتی ئوسترالیا لەبارەی رێزگرتن لەمافی پەنابەران.
رووداو
