عەللاوی پەیامێک بۆ ئەنگێڵا مێرکڵ دەنێرێت
ئەیاد عەللاوی، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، کە بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پۆستەکەی هەڵوەشایەوە، رایگەیاندووە، کە ئەوانەی لە وڵاتەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵدێن، قوربانیی تیرۆرەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و خراپیی بەڕێوەبردنی حکوومەتن و ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان خستووەتە مەترسی، ”بۆ گەیشتن بە جیهانێک، کە رێز لە مرۆبوونیان دەگرێت“.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەیاد عەللاوی لە پەیامەکەیدا، کە ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئەیلوول بۆ ئەگێڵا مێرکڵی ناردووە، سوپاس و منەتباربوونی خۆی بە مێرکڵ، حکوومەت و گەلی ئەڵمانیا دەگەیەنێت، بۆ ”لەباوەشگرتنی ئەو پەنابەرانەی رۆژهەلاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەتایبەت عێراق، سوریا، یەمەن و لیبیا، کە حکوومەتەکانیان نەیانتوانی ژیانێکی باشیان بۆ دابین بکەن“.
ئەو سەرکردەیەی عێراق باسی ئەوەشی کردووە، کە هەڵوێستی ئەڵمانیا بە گەشاوەیی لە مرۆڤایەتی تۆمار دەکرێت، لەکاتێکدا ”بە شەرمەوە باسی ئەوانە دەکرێت، کە بوونە هۆکاری ئەو کۆچە ملیۆنییە بۆ ئەوروپا“.
باسنیوز
