مووسڵ كه‌وته‌ دوای ئه‌نباره‌وه‌

مووسڵ كه‌وته‌ دوای ئه‌نباره‌وه‌
ئەندامێكی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ وەزیری بەرگریی عێراق پێی ڕاگەیاندووین تا ئەنبار ئازاد نەكرێت هیچ بڕیاریك بۆ ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ نادرێت.

(شاخەوان عەبدوڵا) ئەندامی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی کرد و لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا گفتۆگۆیان کرد، هەردوو لا لەسەر چەند خالێك ڕێك کەوتن بۆ ڕزگاركردنی شاری مووسڵ لە چنگی تیرۆریستانی داعش؛ دوای ئەم ڕێكەوتنە لیژنەیەكی هەماهەنگیی سەربازی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كرایەوە. ئەم لیژنە هاوبەشە تاكو ئێستا بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی عێراق و وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان چوار كۆبوونەوە کراوە و 10 كۆبوونەوەش لە لیژنەكە بە ئامادەبوونی هەردوو لا کراوە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكراشی كرد كە "لە دوایین كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراقدا باس لە وردەكاریی كارەكانی لیژنە هاوبەشە سەربازییەكەی نێوان هەرێم و بەغدا كراوە و، وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لە بەردەوامیی كارەكانی ئەم لیژنەیە كردەوە و پێیشی ڕاگەیاندین تا ئەوكاتەی پارێزگای ئەنبار ئازاد دەكرێت هیچ بڕیارێك بۆ ئازادكردنی پارێزگای مووسڵ نادرێت."
Top