هێشتا پڕۆژەیاسای گاردی نیشتیمانی پەسەند نەكراوە.. سێ رای جیاواز لەسەری هەن

هێشتا پڕۆژەیاسای گاردی نیشتیمانی پەسەند نەكراوە.. سێ رای جیاواز لەسەری هەن
ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە نێوان لایەنەكاندا رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتیمانی نەكراوە و، سێ رای جیاواز لەسەر هەن كە خاڵی ناكۆكن،‌ بەڵام پێویستە زوو بێتە پەسەندكردن.

ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (رێناس جانۆ)، رایگەیاند: "تا ئێستا لە نێوان لایەنەكاندا رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای گاردی نیشتیمانی نەكراوە، بۆیە نەخراوەتە دەنگدانەوە، هەر چەند سەرۆكی پەرلەمان و گشت كوتلە سیاسییەكان دەیانەوێت بە زووترین كات ئەم پڕۆژەیاسایە جێبەجێ بكرێت و بخرێتە دەنگدانەوە، وەكو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانیش لەگەڵ ئەوەداین كە پەلە بكریت لە تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە، چونكە هەموو لایەك پێویستیان بەم یاسایە هەیە.
(جانۆ) گوتیشی: "وەكو كورد دەمانەوێت ئەو هێزانەی دروست دەبن بە شێوەیەك بن دژی ماددەی (9) نەبێت، بۆیە حەوت داواكاریمان پیشكەش كردووە و رەنگە هەموو داواكارییەكان جێبەجێ نەكرێن، بەڵام هەندێك لەوانە دەرفەتی ئەوە هەیە لێیان خۆش بین و هەندێكیش بە هەموو شێوەیەك پێداگیرییان لەسەر دەكەین، لەوانەیش پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی لە رۆڵەی پارێزگاكان بن و بەپێی لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكە و هەروەها بەپێی ژمارەی پێكهاتەكان وەكو سوننە و شیعە و كورد بێت، بۆ نموونە لە كەركووك و مووسڵ و تكریت و.. هتد. پێویستە هەر جووڵەپێكردنێكی گاردی نیشتیمانی لە سنووری ماددەی 140ـدا، بە هەماهەنگی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بێت".

دەیشڵێت: "سێ رای جیاوار لە نێوان لایەنەكاندا هەیە كە خاڵی ناكۆكن، بۆ نموونە لایەنە شیعەكان دەیانەویت بڵێن گاردی نیشتیمانی لە رۆڵەكانی وڵاتی عێراق پێك دێن و، لایەنەكانی دیكەیش دەیانەوێت بڵێن لە رۆڵەكانی پارێزگاكانی عێراق پێك دێت نەك گشت عێراق، رای سێیەمیش هەیە دەڵێت دەتوانین جووڵە بەو هێزانە بكەین بۆ ئازادكردنی ناوچە جیاجیاكان و، لە دوای ئازادكردنیشیان ئەركەكە‌ بسپێدرێتەوە بە گاردی نیشتیمانیی پارێزگاكان".
Top