فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 20 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر داعش ئەنجامدا

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 20 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر داعش ئەنجامدا
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا لە ماوەی 24 کاژێردا، 20 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامدا.

بەپێی راگەیێندراوێکی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا، کە رۆژی دووشەممە 31 ی ئابی 2015 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی 20 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریادا ئەنجامداوە".

بەپێی راگەیێندراوەکە، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان 13 هێرشی ئاسمانییان بۆ سه‌ر چەکدارانی داعش لە عێراقدا لە ناوچەکانی: موسڵ، بێجی، رومادی، شنگال و دووزخورماتوو لە سنووری پارێزگای كه‌ركووک ئەنجامداوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 7 هێرشی دیکەی ئاسمانیان له‌ سووریا بۆ سەر چەکدارانی داعش ئه‌نجامداوه‌، زۆربه‌ی هێرشه‌كانیش له‌ناوچه‌كانی نزیك كۆبانێ و رقه‌ بوونە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا چەکدارانی داعش زیانی زۆریان لە عێراق و سووریا بەرکەوتووە.

دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ و هێرشەکانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی شنگال، چەندین وڵات بە رێبەرایەتی ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش راگەیاند، لە ئەنجامی هاوپەیمانێتییەکەدا رۆژانە چەندین هێرشی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان دەکرێتە سەر بنکەکانی داعش لە عێراق و سووریادا، ئەمەش زیانی زۆری بە چەکدارانی داعش لەو دوو وڵاتە گەیاندووە.











رووداو
Top