پەرلەمان ئەمڕۆ لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری کارەبا دەکات
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیارە پەرلەمان لێپرسینەوە لەگەڵ قاسم فەهداوی، وەزیری کارەبا بکات، بەهۆی خراپی
خزمەتگوزاریی دابینکردنی کارەبا لە عێراقدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە وەزیری ناوبراو ئامادەی دانیشتنی رۆژی سێشەممەی رابردوو نەبوو، لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمان هەڕەشەی لێسەندنەوەی متمانەی لە وەزیری کارەبا کرد، ئەگەر ئامادەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان نەبێت.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا هەروەها دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی دەدات و پرسی چالاکییە گوماناوییە پاڵپشتیکەرەکانی داعش و پرسی سامانی ئاوارەکان لە بانکەکان تاوتوێ دەکات.
هەر بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەمڕۆ ٢٩ی ئاب خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چەند پرۆژەیاسایەک ئەنجامدەدرێت کە دیارترینیان پرۆژەیاسای نەهێشتنی تیرۆرە.
رووداو
