فەرماندەیەکی کورد لە سوپای عێراق کوژرا

 فەرماندەیەکی کورد لە سوپای عێراق کوژرا
فەرماندەی فرقەی ١٠ی سوپای عێراقی کە کوردە لەگەڵ جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار کوژران.

کەناڵی ئەلعێراقییەی زمانحاڵی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە کە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە27ی ئاب، داعش هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر ناوچەی جرایشی (١٨کم لە باکووری رومادی) ئەنجامدا، لەئاکامدا عەمید روکن سەفین عەبدولمەجید، فەرماندەی فرقەی 10ی سوپای عێراقی کە کوردە کوژراوە.

هەر لەو هێرشە خۆکوژییەدا لیوا روکن عەبدولرەحمان مەهدی ئەبو رەغیف، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و 4 لە پاسەوانەکانی لە باکووری رومادی کوژراون.

شاری رومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار، دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق، لەماوەی نێوان رۆژانی 14 تاوەکو 17ی مانگی ئایاری ئەمساڵ (2015)، بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ کەوتە دەست داعش. رۆژی 13ی مانگی تەمموز، وەزارەتی بەرگریی عێراق پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنباری لەژێر دەستی داعش بە بەشداری زیاتر لە 10 هەزار چەکدار لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدی نەهاتووە.













رووداو
Top