لە ئەنبار حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكان لەپێشڕەویدان
تیمی راگەیاندنی جەنگی سەر بە حەشدی شەعبی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكان لەسەرجەم قۆڵەكانی شەڕ لە پارێزگای ئەنبار لەپێشڕەویدان و ئێستاش بەرەو ناوچەی زەنكورە دەستیان بە پێشڕەوی كردووە.
هاوكات شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی سەر بە سوپای عێراق لە ناوچەی ئەلبۆریشە لە نزیك كۆنەبارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار لە شاری رومادی، كارگەیەكی تایبەت بە بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێلیان وێران كردووە، هەروەها لە ئاكامی بۆردوومانكردنی بنكەو بارەگاكانی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی ئەلبۆزیاب و ئەلبۆشەعبان، ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران و برینداربوون.
بەپێی بەیاننامەكە "بە پشتبەست بە زانیاری هەواڵگری فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لە سنووری نێوان سووریا ـ عێراق، كاروانێكی سەربازی داعش كراوەتە ئامانج و لەئاكامدا (ئەبو سەلام) فەرماندەی كارگێڕی داعش و (ئەحمەد حەمادی) بەڕەگەز سعودی، لەگەڵ 25 چەكداری دیكە كوژراون، لە ناوچەی وائیلیەش سەرەڕای سووتاندنی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر، 50 چەكداری داعش كوژران و برینداربوون".
رووداو
