دادگا سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر عیساوی سەپاند

 دادگا سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر عیساوی سەپاند
دادگا سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر سابر عیساوی، ئەمینداری پێشووی بەغدا سەپاند.

رازی فەرتوسی، دادوەر لە دادگای تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئابووری، لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند، كە دادگا لەسەر دۆسیەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی رەشیدی شاری بەغدا، سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ سابر عیساوی، ئەمینداری پشووی بەغدا دەركردووە.

ناوبراو روونیکردەوە كە پاڵپشت بە مادەی 331ی یاسای سزادانی عێراق، سزای زیندانی بۆ ئەمینداری پێشووی بەغدا دەرچووە، بڕیارەکەش بە ئامادەبوونی عیساوی دراوە و ناوبراو براوەتە زیندان.

پەرلەمانی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2011 لێپرسینەوەی لەگەڵ سابر عیساوی، ئەمینداری پشووی بەغدا کرد لەسەر بوونی گەندەڵی و گرێبەستی نایاسایی لەو پڕۆژانەی کە ئەمینداریەتی بەغدا سەرپەرشتی کردوون.

دادگای دەستپاکی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2014، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عیساوی دەرکردبوو.

سابر عیساوی، لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2012 ئەمینداری بەغدا بوو، دواتر دەستی لە پۆستەکەی کشاندەوە و لەلایەن نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرا.















رووداو
Top