عەبادی بەنیازە دوو وەزارەتی دیکەش کەمبکاتەوە

 عەبادی بەنیازە دوو وەزارەتی دیکەش کەمبکاتەوە
حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەنیازە دوو وەزارەتی دیکەی كابینەكەی کەمبکاتەوە و لایەنە سیاسییەکانیش گوشار دەکەنە سەر عەبادی.

رەسوڵ رازی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، كە بەجددی تاوتوێی پێشنیازێک دەكات لەبارەی تێکەڵکردنی هەردوو وەزارەتی کارەبا لەگەڵ نەوت و، سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ.

ناوبراو روونیکردەوە كە گوشاری سیاسیی بۆسەر عەبادی هەیە، بەجۆرێك ئاستەنگ دروستدەکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە، لایەنە سیاسییەکان ترسیان هەیە پۆست و وەزارەتەکانیان لەدەستبدەن، بۆیە گوشار دەکەنە سەر عەبادی تاوەکو وەزارەتەکانیان هەڵنەوەشێتەوە، یاخو تێکەڵ بە وەزرەتێکی دیکە نەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەکات، عەبادی لە تێکەڵکردنی وەزارەتەکان کێشەی ئەوەی هەیە، کە ئایا وەزیری یەکەم یاخود دووەمیان، پۆستی وەزیر بگرێتە ئەستۆ.

پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە درێژەی پڕۆژە چاكسازییەكەیدا چەند بڕیارێكی نوێی تایبەت بە حكومەتی دەركردبوون، لەوانە:

1- هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران. یەكێك لە جێگرانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كوردبوو و د.رۆژ نووری شاوەیس لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستەكەی وەرگرتووبوو.

2- لابردنی وەزارەتەکانی مافی مرۆڤ، وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری ژنان، وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکان. بەیان نووری، وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری ژنان كورد بوو و لەسەر پشكی یەكگرتوو پۆستەكەی وەرگرتبوو. هەروەها سامان عەبدوڵڵا، وەزیری دەوڵەت كە لەسەر پشكی كۆمەڵ پۆستەكەی وەرگرتبوو، ئەویش دوورخرایەوە.

3- وەزارەتی زانست و تەکنەلۆجیا خریاە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

4- وەزارەتی ژینگە خرایە سەر وەزارەتی تەندروستی.

5- وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار خرایە سەر وەزارەتی رۆشنبیری.

6- وەزارەتی شارەوانییەکان خرایە سەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.











رووداو
Top