داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ عه‌بادی ده‌كرێت

داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ عه‌بادی ده‌كرێت
ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ كوتله‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ داوا له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌كات كه‌ وازهێنانی‌ خۆی‌ له‌ حزبی ده‌عوه‌ رابگه‌یه‌نێت و خۆی‌ ته‌رخان بكات بۆ ئه‌و چاكسازییانه‌ی‌ كه‌ رایگه‌یاندوون و هه‌موویان داواكاری‌ خه‌ڵكن، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌ به‌وازهێنانی‌ له‌ حزبی ده‌عوه‌ ئینتیمای‌ حزبی وه‌لاوه‌ ده‌نێت و ناتوانرێت فشاری له‌سه‌ر دروستبكرێت بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كان.

كازم شه‌مه‌ری‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ كوتله‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت: حه‌یده‌ری‌ عه‌بادی ده‌رفه‌تێكی‌ مێژوویی بۆ هاتووه‌ته‌ پێش كه‌ پێشتر بۆ هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی‌ تر نه‌بووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ ئایینی‌ و شه‌قام پشتیوانی‌ له‌ چاكسازییه‌كانی‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك په‌رله‌مانیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا هه‌موو پشتیوانییه‌كی‌ خۆی‌ بۆ راگه‌یاندووه‌".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌: "ئینتیما بۆ هه‌ر حزب و كوتله‌یه‌ك كاری‌ ئاساییه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی‌ كه‌ دیموكراتین، به‌ڵام عیراق به‌دۆخێكی‌ تایبه‌تدا ده‌ڕوات و ته‌حه‌دیات و فشاری‌ حزبی زۆر هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك رێگری‌ ده‌كات له‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی راسته‌قینه‌ و لێپرسینه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی‌ و سه‌ركرده‌ حزبییه‌كان به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌".

شه‌مه‌ری‌ ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌: "ئه‌مڕۆ تۆپه‌كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ عه‌بادییه‌ و خه‌ڵكیش پشتیوانی‌ ئه‌ون، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌نگاوێكی‌ مێژوویی بنێت و مۆدێلێكی‌ سیاسی‌ نوێ دابهێنێت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئینتیما بۆ نیشتیمان جێگای‌ ئینتیما بۆ حزب بگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌ست له‌ حزبی ده‌عوه‌ بكێشێته‌وه‌ و خۆی‌ ته‌رخان بكات بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و چاكسازییانه‌ی‌ رایگه‌یاندوون و هه‌موو لایه‌ك پشتیوانی‌ ده‌كه‌ن".














خه‌ندان
Top