سیستانی دەزگای دادوەری بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکات

سیستانی دەزگای دادوەری بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکات
دوای تۆمەتبارکردنی مالیکی بە هۆکاری ”وێرانکارییەکانی عێراق“، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق هێرشدەکاتە سەر دەزگای دادوەریی و بە گەندەڵیی تۆمەتباری دەکات.

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە رێگای نوێنەرەکانییەوە، لە وتاری رۆژی هەینیدا رایگەیاندووە، کە دەزگای دادوەریی عێراق، بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە عێراق.

عەلی سیستانی هەروەها داوایکرد، کە چاکسازیی لە دەزگای دادوەریی عێراق بکرێت.

ئەم هێرشانەی سیستانی بۆ سەر دەزگای دادوەریی دوای ئەوەهات، کە خۆپشاندەرانی عێراق داوای دەستلەکار کێشانەوەی مەدحەت مەحموود، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراقیان دەکرد.

پێشتر سیستانی هێرشیکردە سەر نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و تۆمەتباری کرد بە هۆکاری ”ئەو وێرانکارییەی عێراق لە ساڵانی رابردوودا“ و خۆپێشاندەرانی پارێزگاکانی بەغدا و باشووری عێراقیش داوادەکەن مالیکی دادگایی بکرێت.

هەروەها مەرجەعە باڵاکەی شیعە بە پشتگیریکەر و هاندەری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەنرێت، لەو بڕیارە ”چاکسازییانە“ی داویەتی بۆ ”نەهێشتنی گەندەڵی“ لە وڵات، کە دیارترینیان، لابردنی پۆستی جێگرەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بوو، وێڕای کەمکردنەوەی دەرماڵە و ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسە باڵاکانی عێراق.










باسنيوز
Top