وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ناتوانین هاوكاری كۆچبەرانی نایاسایی عێراقی بكەین
ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پرسی كۆچكردنی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا یەكێكە لە كێشە جیهانییەكان بەتایبەتی لە وڵاتانی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست، بەهۆی خراپی رەوشی سیاسی و ئەمنی و ئابووری ئێستای عێراقیشەوە، كۆچكردنی لاوانی عێراق بەڕێگەی نایاسایی روو لە هەڵكشانە".
جەمال گوتیشی "باڵیۆزخانەكانی عێراق لە دەرەوە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەیان لە نێو رەوەندی عێراقی لەبارەی كۆچكردنی نایاسایی دەستپێكردووە، بەتایبەتی لە رێگەی توركیا و لوبنان كە بە دوو رێڕەوی نایاسایی دادەندرێن".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها دەڵێت: "ئەو قاچاخچیانە رێگەی پارێزراو بۆ كۆچبەران دابین ناكەن و بەشیکی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە لە نێو دەریاكان دەخنكێن، ئەمەش سەرەڕای وەرگرتنی پارەیەكی زۆر لە عێراقییەكان، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە عێراقییەكانی دەرەوەو ناوەوە دەكات، واز لە كۆچكردنی نایاسایی بێنن، چونكە گەورەیی مرۆڤ لە نێو نیشتمان و كەسوكاریەتی".
ئەو دەشڵێت: " كۆچبەری نایاسایی بە لە یاسادەرچووی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دادەندرێت، بۆیە حكومەتی عێراق ناتوانێ هیچ رۆڵێك ببینێت بۆ هاوكاریكردنیان".
بەهۆی نالەباری رەوشی ئەمنی و سیاسی و خەمی ئایندەیەكی نادیار زۆربەی لاوانی عێراقی بیر لە كۆچكردن دەكەنەوە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەویش بە گرتنەبەری رێگەی نایاسایی كە بە قاچاغ ناسراوە، تاوەكو ئێستاش دەیان عێراقی لەم رێگەیەوە لە نێو دەریاكان خنكاون.
رووداو
