حەشدی شەعبی لە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ بەشداری دەكات
زوهێر ئەعرەجی، ئەندامی دەستەی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی: كەوتنی موسڵ بەدوو قۆناغ ئەنجامدرا، یەكەمیان سەنتەری شارەكە بوو لەگەڵ شارۆچكەكان و شارەدێكان كە پێشتر بەدەست حكومەتی عێراقییەوە بوون, دوومانگ دوای كەوتنی موسڵ و فراوانبوونی داعش ئەو یەكە كارگێڕیانەش كەوتنە دەست داعش كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون".
ئەعرەجی گوتیشی: ئەو دوو هۆكارەی جەستەی هێزە ئەمنییەكانی لە نەینەوا داڕزاند، وروژاندنی سیاسی و گەندەڵی بوو, ئێستاش ئامادەكارییەكان بەردەوامن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، هاوكات هێزێكی سەربازی ئەمریكی گەورەش لە ناوچەی رەبیعە هەیە و چەندین راوێژكار و چەكداری لەخۆگرتووە بۆ هاوكاریكردنی سوپای عێراق لەكاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە".
زوهێر ئەعرەجی هەروەها دەڵێت: " حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ بەشداردەبێت و هەماهەنگی بەردەوامیشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە لەمڕوەوە".
لە 26 شوباتی 2015 كەریم نوری گوتەبێژی سەربازی حەشدی شەعبی رایگەیاند، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی هەردوو پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین، بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك شاری موسڵ كۆنترۆڵدەكرێتەوە وەك چۆن داعش بەبێ رووبەڕووبوونەوە كۆنتڕۆڵیكرد، رەتیشیكردەوە هیچ كێشەو ناكۆكییەكییان لەگەڵ كورد هەبێت لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش.
رووداو ـ
