دەستەی دەستپاکی عێراقی رێگری لە گەشتکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی دەکات
رۆژی هەینی 14-ی ئاب حەسەن یاسری، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بەوەکالەت لەبەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ناردووە گوتی "ناوی تۆمەتباران بەکەیسی گەندەڵی بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان نێردراون، تاکو رێگەی گەشتکردنیان لێبگیرێت بۆ دەرەوە".
یاسری گوتیشی "ئەو رێگرییە سەرجەم ئەوانە دەگرێتەوە کە لێکۆڵینەوەیان لەسەرە و ئەوانەی کە بەغیابییش حوکم دراون".
هەفتەی رابردوو حەیدەر عەبدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی رێگریکردن لەگەشتکردنی بەرپرسانی عێراقی ئەوانەی کەتۆمەتبارن بەگەندەڵی دەرکرد و، فەرمانی داخستنی سەرجەم فڕرۆکەخانەکانی دەرکرد بەرووی ئەو بەرپرسانە، کە لەپلەی بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهەمان شێوە فەرمانی سڕکردنی جووڵەی 7 بەرپرسی باڵای عێراقی دەکرد و رێگری گەشتکردنیشی لێکردن.
رووداو
