دەوڵەتی یاسا بۆ دەستنیشانكردنی وەزیرانی نوێ عەبادی سەرپشک دەکات
عەلی ئەدیب، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پابەندە بە كارنامەی چاكسازی پەرلەمان كە سێشەممەی رابردوو 11/8/2015 پەسەندی كردووە و، جەخت لەسەر هەڵبژاردنی وەزیرانی نوێ دەكاتەوە، بە شێوەیەك دوور لە بەشبەشێنەی حیزبی و تایفی و بەپێی لێهاتویی و پاكی بێت، تەنانەت ئەم پرەنسیپە دەستە سەربەخۆكانیش دەگرێتەوە".
ئەدیب گوتیشی: "دەوڵەتی یاسا بە هیچ شێوەیەك دەست لەكاری حكومەت وەرنادات بۆ هەڵبژاردنی وەزیرانی نوێی، مەگەر سەرۆكوەزیران خۆی داوایبكات و راوێژمان پێبكات، هەروەها ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پشتگیری تەواوی عەبادی دەكات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان و لەمڕووەوە ئازادی رەهای پێبەخشیوە".
سێشەمەی رابردوو 11/8/2015 پەرلەمانی عێراق بە كۆی دەنگ كارنامەی چاكسازی حەیدەر عەبادی پەسندكرد، كە هەڵوەشاندنەوەی جێگرانی سەرۆككۆمار و سەركوەزیران و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانان و بڕینی دەرماڵە پلە تایبەتەكان و چەندین بڕیاری دیكەی لەخۆگرتبوو.
روداو
