كۆمەڵەی ئەوروپی داوای دادگاییكردنی مالیكی دەكات
“ئیسترۆن ئیستڤنسۆن” سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ئازادی عێراق كە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ دۆخی مرۆیی و سیاسی لە عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كۆمەڵەی پێشوازی لەو پلانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، كە لە حەوت مادە پێك هاتووە و بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێشنیاری كردووە دەكات.
ئیستڤنسۆن لە بەیاننامەیەكدا دەستخۆشی لە دەستپێشخەرییەكەی عەبادی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دەكات و رایگەیاند، دەبوایە هەر لە زووەوە عەبادی ئەو پلانەی دابنایە ئاماژە بەوەشدەكات، هێشتا ئەو چاكسازییەكە پێویستی بە چوار خاڵی دیكە هەیە.
بەرپرسە ئەوروپییەكە لە بەیاننامەكدا چوار خاڵەكە كە پێویست بوو لە نێو چاكسازییەكەی عەبادی هەبووە، روون دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، یەك لەو خاڵانە دادگاییكردنی سەرۆكوەزیرانی پێشوو و جێگری سەركۆماری ئێستا نووری مالیكییە، چونكە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كاری ئەشكەنجەدان و كوشتن و گەندەڵی ئەنجام داوە، دووەم دەركردنی ئێرانە لەسەرجەم ئەو ناوچانەی عێراق كە ئەو كۆنترۆڵیانی كردووە، چونكە هەتا ئێران واز لە داگیركردنی عێراق نەهێنێت، نە دەتوانرێت شكست بە داعش بهێنرێت نە سەقامگیری بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.
لە بەیاننامەكەدا نابراو باس لەوەش دەكات، دەبێت رووبەڕووبوونەوە بۆ هەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی شیعە كە لە ژێر فەرمانی رژێمی ئێرانن هەبێت و نابێت رێگە بەهیچ هێزێكی چەكداری لە عێراق لە غەیرە سوپا و پۆلیس بدرێت كە چەك هەڵبگرێت و هەروەها پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختەكان بەشێوەی عادیلانە لە ژێرچاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەنجام بدرێن.
بەرپرسی كۆمەڵەكە گوتی: “ئامادەبوونی ملیۆنەها هاووڵاتی عێراقی لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق كە داوای لەنێوبردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی لە وڵاتەكەیان دەكرد، پشتیوانی خۆیان بۆ عەبادی نیشان دا، هەر بەپشتیوانی گەل و مەرجەعی باڵای ئاینیی شیعە وادەكات، سەرۆكوەزیران خێراتر چاكسازییەكان ئەنجام بدات”.
ئیسترۆن ئیستڤنسۆن، لە ساڵانی 2009-2014، سەرۆكایەتی لیژنەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپای دەكرد و ئێستاش سەرۆكایەتی كۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ئازادی عێراق ئایفا دەكات.
باسنیوز
