پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بڕیارەکانی حکومەت دەدات
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان دوو پرس تاوتوێ دەکات کە بریتین لە داواکاری خۆپێشاندەران لەبارەی دابینکردنی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریتین لە هەڵوەشاندنی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، سەرۆک کۆمار و کەمکردنەوەی ژمارەی پاسەوانان و نەهێشتنی دەرماڵەی تایبەتی بەرپرسانی باڵای عێراق و دەستپێکردنی هەڵمەتێک لە دژی گەندەڵی.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 11/8/2015 داوای لە پەرلەمان كرد بڕیارنامەی چاكسازیی كە پێشكەشی كردووە بەشبەش نەكەن و داواشی كرد بەرپرسیارییەتی بگرنە ئەستۆ و پۆستی جێگری سێ سەرۆكایەتییەكە نەهیڵن.
رووداو
